ناڕەزایەتیەکان لە ئیسرائیل گەیشتنە بەرزترین ئاست و  خۆپیشاندەران هەڕەشەی ڕوخاندنى حکومەت دەکەن

سەدان هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی لە دژی پڕۆژەی هەمواری سیستەمی دادوەری کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە ئامادە کراوە ڕژانە سەر شەقامەکان و هەروەها لە بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیرانیش خۆپیشاندان دەستی پێکردوە.

ماوەی چەندین ڕۆژە خۆپیشاندان لە ئیسرائیل دژی پڕۆژەیەکى سەرۆک وەزیران بەردەوامە، لە شەوی ڕابردووشەوە سەدان هەزار کەس لە ئیسرائیل ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی هەمواری یاسای سیستەمی دادوەری دەکەن کە لەلایەن سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆوە ئامادەکراوە.

خۆپیشاندانەکە شەوی ڕابردوو جیاوازتر لە ڕۆژانى ڕابردوو، فراوانتر بوو، کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یوئاف غالانت-ی وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی دورخستەوە، بەو پێیەی پێشتر وەزیری بەرگری داوای کردوە کە خەڵکى وڵاتەکەی دژی ئەو پلانەی سەرۆک وەزیران بوەستنەوە، چونکە بە وتەی ئەو جۆرێک لە دیکتاتۆری، بنیامین ناتانیاهۆش وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی دور دەخاتەوە.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم هەنگاوەی سەرۆک وەزیران بە تاکڕەوی لەقەڵەم دەدەن و پێیان وایە، ئەم هەنگاوە ئیسرائیل بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبات، هەروەها پێیان وایە دورخستنەوەی وەزیری بەرگری ئاماژەیەکی ترسناکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، بەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەستی بۆ براوە.

هاوڵاتییانی ئیسرائیلیش لە دژی پرۆژەکەی سەرۆک وەزیران، خۆپیشاندانی بەرفراوانییان دەست پێ کردووە و تەنانەت چونەتە بەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ لە قودس، پۆلیس بۆ دورخستنەوەیان توندوتیژی بەکارهێناوە.

گرژی و ئاڵۆزییەکان بە جۆرێکە کە خەریکە پۆلیس کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی لەدەست دەردەچێت ، هەروەها چەندین سەرکردەی خۆپیشاندانەکان دەڵێن تاکو دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

چەندین بەرپرسی گەورەو سەۆرک شارەوانیش بڕیارییان داوە ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیراندا مان لە خواردن و خواردنەوە بگرن.

نەفتالی بینیت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاتی جەنگی ١٩٧٣ەوە ئیسرائیل توشی مەترسییەکی هاوشێوەی ئەم مەترسییەی ئێستا نەبووەتەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ١٢ ئیسرائیلی وتیشی”ئەم مەترسییە مەترسی ئەمنی و دبلۆماسی و ئابورییە، تەنانەت مەترسی ڕوخانی یەکجارەکی ئیسرائیلە”

نەفتالی بینیت داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ دەکات، پاشەکشە لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری بکات، پلانی هەمواری سیستمی دادوەری بۆ ماوەی مانگێک هەڵپەسێرێت.

لای خۆشییەوە ئیهود ئۆلمەرت سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ئیسرائیل ڕایگەیاندوە: مافیا حوکمی ئیسرائیل دەکات، بە ڕێگایەکی شێتانە و وێرانکارییانە مامەڵە دەکات کە بنەماکانی پێکەوەژیان کۆتایی پێ دەهێنێت.

دڵەڕاوکێ گەیشتۆتە واشنتۆن، بەجۆرێک کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ئەمریکا نیگەرانە لەو ڕوداوانەی لە ئیسرائیل ڕوو دەدەن، بۆیە داوای لە سەرکردە ئیسرائیلییەکان کرد کە بە زووترین کات ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕزگاربوون لەو گرژی و ئاڵۆزییانە.

لە پاش سێ مانگ لە پێکهێنانی حکومەتی ئیسرائیل، هاوپەیمانییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ کە پێکهاتووە لە چەند حزبێکی نەتەوەیی و دینی کەوتونەتە ناو چەقبەستویی و دابەشکارییەکی قوڵەوە بە هۆی پلانی هەمواری سیستمی دادوەرییەوە.

وەزیری بەرگری کە لە هەمان کاتدا گرنگترین ئەندامی لیکۆدی ڕاستڕەوە لە حزبەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، ڕەتیکردەوە پشتیوانی پلانەکەی ناتانیاهۆ بکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرۆک وەزیران دەستی پێ لە کاربکێشێتەوە.

لە پلانەکەی ناتانیاهۆدا هەمواری یاساکە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵاش دەگرێتەوە کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا، دەسەڵات دەدات بە حکومەت بۆ دانان و لابردنی هەر دادوەرێک، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی و ناڕەزایەتییەکان و بە هەنگاوی بەرەو دیکتاتۆری وەسفی پلانەکە دەکرێت.

س.ک

 

Comments are closed.